توضیحات
«پشتێندی بەقوڵاپ»
نووسەر: لەیلا نوورانی
چاپەمەنی: سەرای هێمن
بڵاوگە: ناوەندی ماد
کۆمەڵەچیرۆکی «پشتێندی بەقوڵاپ»، پێکهاتوو له ١٠ کورتەچیرۆک، یەکەمین کتێبی چاپکراوی خاتوو لەیلا نوورانییه. ئەم کۆمەڵەچیرۆکە تێمێکی ژنانەی هەیە و لە کەشوفەزایەکی تایبەتدا، لە ژیان و نەهامەتییەکانی بە ڕوانگە و زمانی ژنانەوە دەدوێ و بەردەنگی خۆی هان دەدا هاوڕێیەتی بکا. دکتور هاشمی ئەحمەدزادە لە بەشێک لەو پێشەکییهی کە بۆ ئەم کارەی نووسیوە، دەڵێ:
ئەگەر چیرۆکی کورت، گێڕانەوەی چڕی ئەدەبییانەی بەسەرهاتێکی وێنەئاسا بێت و لە سەردەمانی گرفتە بەربڵاوە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەلومەرجی مۆدێڕنی ژیان بێت و برینی نامۆیی و تەنیایی و بێدەرەتانی مرۆڤەکان سارێژ بکات، ئەم کۆمەڵەچیرۆکەی بەردەستت ئاوێنەیەکی گیرفایی زەریفی خانمە وەگێڕیکی توانای موکریانییە کە لەسەر “داشامەجید ” و ” ناڵەشکێنەوە” دە کۆڵانی کۆمەڵگەی کوردەواریی گرتووە و بە تیشکی دووربڕی چاولاوێنەوە یاریی گێڕانەوە بە وشەی ڕەسەن و خەزێنەی دەستەوشەی شاراوەی هەمبانە زێڕینەکەی ژنی موکریانی دەکات و هێدی هێدی بە سیحری داڕشتنەوەی وشەکان بەسەرهاتی چرکەساتە قەیرانییەکانی ژیانی تاکوتەرای کۆمەڵگەت لێ دەکات بە تابڵۆگەلی ڤانگۆکییانە و تۆش سەرمەست لە هاڵاوی ڕەنگ و نیگاری هێڵ و بۆنی کۆڵان و دەنگی هەناسە و ڕەنگی ڕوخسار هیچ ناکەی جگە لە ڕاگرتنی هەناسەت لە سینگدا و، چاوەڕوانیی سەفەری کورت، بەڵام پڕ لە هەیەجانی ئەزموونی خوێندنەوە و فەنابوون لە پەڕجووی بێدەنگی گێڕانەوەدا.
ئاسۆی چاوەڕوانییەکانت بەرز و نەوی دەبنەوە و لە نێوان دونیا جیاوازەکانی گێڕانەوەدا دێی و دەچی و پرسیارەکانی زەینت بێپەرسیڤ دەهێڵییەوە تاکوو لە خوێندنەوە بەردەوام بی.
(د. هاشم ئەحمەدزادە)