توضیحات
📚ناوی کتێب: فەلسەفەی پێش سوکرات | Pre-Socratic philosophy
📝نووسەر: د. ڕێبوار سیوەیلی
▫️مژار: فەلسەفە
🖨وەشانخانە: مادیار
فەلسەفەی پێش سوکرات، لانیکەم بۆ هیگڵ و نیچە و هایدەگەر، بەشێوەیەکی گشتی، متمانەبەخشترین قۆناغی فەلسەفەی کۆنە. کۆن، لە ڕووی مێژووییەوە، وەلێ نەمر لە ڕووی بابەت، خرۆشان و پرسیارەوە.
ئەوە لە هەناوی ئەم فەلسەفە و شێوازەهزرینەدایە، کە بۆ هەووەڵینجار ئەم مرۆڤە سەر پڕ لەسەودایە، سەرسڕمانی خۆی لە ئاست بوون، سرووشت و دیاردەکاندا نیشان دەدات، پرسیاری چۆن و بۆچی دەپرسێت و لە دەرەوەی هزری ئەفسانەیی، ئایینی و نەرێتخوازییەوە، بیر لە ژیان دەکاتەوە.
ئەم کتێبەی مادیار چاپی کردووە، بەرهەمی نوسەرێکی کوردە، کە ساڵەها لە زانکۆکاندا ئەم بابەتەی گوتۆتەوەو بیری پێ کردۆتەوە، ئاخۆ چ جەوهەرێکی ئەم فەلسەفەیە هەیە، کە بۆ میللەتکی ستەمدیدەی وەک کورد، سوودی لێوەر بگیرێت؟
جەوهەری ئەم فەلسەفەیە بۆ ئەم نووسەرەی ئێمە، ئەوەیە فەلسەفەی پێش سوکرات هیچ نەبێت فێری ناڕەهاییگەریی و دوورمان دەخاتەوە لە هەر بیرکردنەوەیەکی بناژۆخوازانە. ڕاوەستان لە دەرەوەی بناژۆخوازیی لە هەر بیچمێکیدا، ڕێگایەکی ڕزگاریبەخشانەیە بۆ ئێمەی کورد، وانەیەک لە پێش سوکراتییەکانەوە فێری دەبین. وانەیەکی گەورە و بێ نموونە. وانەیەکی نەمر بۆ دەرچوونی مرۆڤ لەهەر قەفەس و ئایدیۆلۆژیایەکی داخراو و موتڵەقخواز..
زمانی بێ تەکەللووف و ئاسان و کوردەواریانە، کە بەرەنجامی تێگەیشتنی خاکەڕایانەی نووسەرەکەیەتی، ئەم کتێبە دەکاتە هاوڕێی گشت ماڵێک..