Description
کتێبی مێژووی گریان لە پاڵ گەڕانی چڕوپڕ و پشکنین و دۆزینەوەی رەگی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە بایەلۆژییە، هەوڵیشیداوە بزانێ لە چ ساتێکدا گریان بەهەموو شێوەکانی بووەتە دیاردەیەکی رۆحی و گرێدراوە بە هەموو پەیوەندییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانەوە.. پاش هێنانەوەی نموونەگەلی دێرین و نوێ لە نێو کولتوورە هەمەچەشنەکاندا، بە قووڵایی هەموو لایەنە کولتوورییەکانی مرۆڤایەتیدا شۆڕبووەتەوە و لەم کولتوور و لەو کولتوور ساتە چڕەکانی تاسەو ناسۆری و تراژیدییەکانی دۆزیوەتەوە. لە نێو وێنە و نووسین و چالاکییە مرۆڤایەتییەکاندا پارچە و هێڵە پڕ لە کەفوکوڵەکانی هێناوەتەوە. سۆزداری و جەنگ و مەرگ و لەدەستدان سەرەتایەک بووە بۆ ئەم کتێبە تا پشکنین بۆ کاریگەری فرمێسک و هەنسک و شیوەن و لاواندنەوە بکات، بۆیە هەوڵیداوە بە پەیوەندی لەگەڵ پلەی رووداوەکان ئاستەکانی گریان بخوێنێتەوە. مێژووی گریان تەنیا لە یەک سەرچاوەی مەعریفییەوە قسە لەسەر گریان ناکات، بگرە پەلوپۆی بۆ هەموو زانست و بوارەکان هاویشتووە، دەستنیشانی پلەوهەڵچوونی گریانی کردووە، نموونەی لە نێو کتێب و ئەفسانە و ئاینەکان هێناوەتەوە، لە دەریایەکی فراواندا مەلەی کردووە و زۆر لایەنیشی بە کراوەیی بۆ خوێنەر بەجێهێشتووە.