Description
📚ناوی کتێب: ئەو مەڕەی دەیویست گەورە بێت ئێجگار گەورە
💎مژار: چیرۆک بۆ منداڵان
📝 نووسەر: ژۆزێف تێئۆباڵد
🖊وەرگێڕ: لەیلا ساڵحی
🖍وێنەکێش: ڕەزا ئەحمەدیاری
🖨وەشانخانە: مادیار (تیتل و بیبل)
ئەو کتێبە یەکێک لەو زنجیرەکتێبەیە کە لە لایەن نووسەری بەناوبانگ “ژۆزێف تێئۆباڵد”ەوە نووسراوە. ئەو کتێبانە هەموویان باسی دوو مەڕی خوشک و برا دەکەن کە دوانەن . “بەفرین” و “خوریلە” دوو کەسایەتی سەرەکی ئەو چیرۆکانەی تێئۆباڵدن. لەو چیرۆکانەدا نووسەر دەیهەوێ هێندێک ئاکاری کۆمەڵایەتی و بیری فەلسەفی بخاتە ناو چوارچێوەی داستانەوە و لە ڕێی کردەی داستانی و ڕەفتار و دیالۆگی دوو مەڕی خوێن شیرینەوە بە ناوەکانی خوریلە و بەفرین بۆ منداڵانیان بگێڕێتەوە. لە چیرۆکی “ئەو مەڕەی دەویست گەورە بێت ئێکجار گەورە” بەفرین و خوریلە لە مەزرایەکی سەرسەوز و بە پیت و بەرەکەت دەژین و خەریکی هەڵبەزدابەز و لەوەرانن. بەڵام یەکێک لەو دووانە واتە بەفرین لە بوونی خۆی ڕازی نییە و خۆی پێ چۆلەیە. هەر بۆیە تانە لەو بوونەی خۆی دەدا و بەو شێوەیە خوریلە ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە بەشی خۆی ڕازی نییە. خوریلە دڵخۆشی دەداتەوە و پێی وایە هەر کەس بەو شێوەیەی کە هەیە دەبێ لەو دنیایەدا رۆڵی خۆی ببینێ و ڕازی بێت. بەڵام بەفرین بەو بوونە ڕازی نییە و حەول دەدا گەورە و گەورە و گەورەتر بێ و هەموو شتەکانی دونیای بۆ خۆی دەوێ. هەر بۆیە بە شێوەیەکی فانتزی دەست دەکا بە خواردنی دارستان و چۆم و شاخ و لێڕەوارەکان و لە ئاکامدا دەگاتە جێگایەک هەموو گۆی زەمین قووت دەدا. ئەوسا بەفرین لە هەموو شتەکانی دنیا گەورەترە، بەڵام تاق و تەنیایە و کەس نییە لەگەڵی بژی. هەر بۆیە بەو ئاکامە دەگا ، ژیان لەگەڵ خەڵکی تر و لەگەڵ بوونەوەرەکانی تر مانا و واتای هەیە. دەپشمێ و هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندا لە زگی خۆی داکۆی کردبوونەوە فڕێ دەداتەوە دەرێ. خوشکەکەی دەچێتەوە لای و پێی دەڵێ من تۆم هەروا پێ جوانە. ئەویش دەڵێ منیش خۆم هەروا پێ جوانە.
بەو شێوەیە نووسەر لە فەزایەکی پڕ لە پێکەنین و فانتزیدا چیرۆکی بوونێکی تازە و واتایەکی تازە و بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش بۆ منداڵانی جەهان و بۆ کورد دەگێڕێتەوە.
زمانی ساکار و فەزای تایبەتی ئەو چیرۆکە منداڵان هۆگری خوێندنەوەی زیاتر دەکا. ئەو چیرۆکە بۆ حەکایەتخوانی و شانۆی منداڵان یەکجار لەبارە.