توضیحات
پێشکەوتن و گەشەکردنی زانست و تەکنۆلۆژیا لەم ساڵانەی ڕابردوودا وێڕای کەڵک و سوودەکانی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا هەندێ کێشە و پرسی تایبەتیشی هێناوەتە گۆڕێ. بۆشایی زۆری نێوان دایباب و منداڵانی ئەم سەردەمە و نەوەی نوێ یەک لەم پرسانەیە کە لە کۆمەڵگای کوردیشدا بە تایبەت هەستی پێ دەکرێ. پێشکەوتنەکان و شێوازی تێفکرین و هەڵسوکەوتی منداڵانی ئەم سەردەمە و بیرتێژیی نەوەی نوێ وێڕای سوودەکانی کێشەشی بە دواوە بووە. ڕەنگە گرنگترین کێشە لەم بوارەدا “دڵەڕاوکێ” بێت، پرسێک کە تا ڕادەیەکی ئاسایی و پێویستە بەڵام جاری وا هەیە لە ڕادەی پێویست دەردەچێ و کێشەکە جۆرێکی دیکە ڕەنگ دەداتەوە.
“ئاریای بە توانا” لە نووسینی “لەیسی وولوشین” ناوی کتێبێکە کە خوێندنەوەی یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ ئەو مناڵانەی تووشی ئەم کێشەیە دەبن و بە خۆشحاڵییە دوکتۆر “پگاه سەیدی” وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ئەم کتێبە لەسەر شێوازی زانینی-ڕەفتاری نووسراوە و یەک لە خاڵە ئەرێنییە بەرچاوەکانی کتێبەکە گۆڕینی ناو و کەسایەتی و ڕووداوەکانە بە جۆرێک کە لەگەڵ ژیانی کوردەواریدا یەک بگرنەوە و مناڵی کورد بە ئاسانی و بێ ئەوەی هەستی غەریبی بکات لە چیرۆکەکان تێ بگات و بتوانێ وەک کردەوە لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەرچاویان بگرێ.