Description
ئەو زەمانەی خەییام زاتی کردووە بیر لە داهاتن و خوڵقان و نەهێنییەکانی جیهان بکاتەوە و بە دڕدۆنگی و سەرسوڕمانەوە لە کاری کاولەدنیا بڕوانێ، بێگومان تانوپۆی بیری تەسک و کەمهەوێن و زلکوێرانە بۆ شێوازی دینداری و خوداناسی، سەرپاکی جەغزی ژیانی داگرتووە. کە وا نەبووبا، خەییام هەر لە سەردەمی خۆیدا بەڕاشکاوی بۆچوونەکانی دەردەبڕین و حەشاری نەدەدان و تەنیا لە حوجرەی فەقێیان لای جێباوەڕانی بە سرتە نەیدەدرکاندن.
ئەم پرسیارانەی ورووژاندوونی و ئەو “بۆ” گەورانەی لە چوارچێوەی چەند چوارینەیەکدا کردوونی بە هەوێنی ڕوانینی فەلسەفییانەی بۆ وەرگرتنەوەی وڵامەکانی، گۆمی بە ڕووکەش مەندی دین پێیان شڵەقاوە و زریکەی بە ڕواڵەتپەرستان کردووە…
ئەم بیر و ڕوانینە لە ئەندەروونی ئادەمیدا وا ڕیشەدار دەرکەوتووە لە ئەندەروونی، کە دواتر هەرچی هاتووە و ئەم شکە فەلسەفییەی بەدڵەوە لکاوە، مادامێکی چێژەی وێژەی بووبێ، چوارینەیەکی نزیک لەم ڕوانگەیەی داوەتە پاڵ خەییام و مەبەستێکی بە زمانییەوە هەڵبەستووە، بۆیە دیمەنگایەکی سەیر و ناتەبا و ناهاوسەنگ و نایەکدەنگ بەدی هاتووە!
لە دەقی ئەم کتێبەی”خەییامی هەژارانە”دا، هەوڵ دراوە ئەوەندەی دەگونجێ تەپوتۆزی ئەم گرێیە لەسەر ماکی سەرەکی لابدرێ. کتێبەکەش هەر بۆیە ناوی هەژارانەیە نەک خەییامانە تا لای خوێنەری کورد ڕوون بێ کە “هەژار”یش وەکوو بەرەکانی ڕابردوو، گەلێک لە بۆچوونەکانی خۆی تێکەڵ کردووە و هەم بە باری زمان و هەم نێوەرۆکدا ڕەنگی خۆی لێ هەڵپڕژاندووە. ئەمە بەم مانایە نییە هەژار دەرەقەتی وەرگێڕانی چوارینە بە ڕەسەن گیراوەکان نەهاتبێ، بەپێچەوانە سەرەڕای سەرکەوتنی، چی هەیە و نییە با ئی خەییامیش نەبووبێ، تێکیهەڵشێلاون و حەوترینگەیەکی خۆماڵییانەی پێ ساز کردوون و ئەمەش باس و بابەتێکی تایبەتە.
لەم چاپە تازە ڕێک و جێسەرنجەی وەشانخانەی مادیاردا، کە دەبێتە چاپی پێنجەم و بۆ ئەم ناوەندە چاپی یەکەمە، چی وردەکاریی ڕێنووسی و ڕێزمانییە وەبەرچاو گیراوە و وێڕای دۆزرانەوەی هاوتای یەک لەو حەوت چوارینە کوردییەی فارسییەکەیان نەدۆزرابوویەوە، چەندین تێبینیی تازەش خراونە بەردەست.
ئەم کارە کە بە لێکۆڵینەوەیەکی سەردەمییانە ناسراوە، لەلایەکەوە دەکەوێتە خانەی ئەدەبی بەراوردکاری و لەلایەکی دیکەشەوە کارێکە بۆ پێکەوە هەڵسەنگاندنی شێخ سەلام و گۆران و کامەران بەدرخان و هەژار لە ڕووبەری زمانێکدا و هەنگاوێکە بۆ گەشە و نەشەی وێژەی کوردی